“زێڕ هەم زینەیە هەم خەزینە”، واتا هەم بۆ جوانکاری بەسوودە و هەم هەمیشە وەکو چەکێکی پارەیە لە دەستدا، ئەم گوتەیە کە لەنێو هەولێر زۆر باوە، رەنگە هیچ کاتێک وەک ئێستا راست نەبووبێت، کە نرخی زێر بەتایبەتی ئەمڕۆ لەدوای چەند ساڵێک، ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد. نرخی زێر دوای چەند ساڵێک ئەمڕۆ زۆرترین بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21، گەیشتە 325 هەزار دیناری عێراقی، دوایین جار کە نرخی زێڕ بەو شێوەیە بەرز بووە، لە ساڵی 2012 بوو، واتا هەشت ساڵ پێش ئێستا. بۆچی نرخی زێڕ ئەوەندە بەرزبووەتەوە؟ هەندرێن وەرتی، کارگێڕی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر و شارەزای ئابووری، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 هۆکارەکانی پشت بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ لە سەرانسەری جیهان دەخاتەڕوو و دەڵێ: “ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ کێبڕکێی نێوان ئەمەریکا و چین، چونکە ئێستا هەردوو وڵات و هاوپەیمانەکانیان خەریکی کڕینی زێڕن”. هۆکارەکانی دیکەی پشت بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ وەک هەندرێن وەرتی باسیان دەکات: “رەوشی سیاسیی جیهان، ئاڵۆزییەکانی کۆریای باکوور، ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، نەخۆشی کۆرۆنا و نرخی نەوت، ئەمانە هەموویان کاریگەرییان لەسەر نرخی زێڕ هەبووە، چونکە هەرکاتێک شڵەژانێک یان نەبوونی متمانە لە سێکتەرەکانی دیکە دروست دەبێت، نرخی زێڕ بەرز دەبێتەوە”. بازاڕی زێڕ لە کوردستان چۆنە؟ کارگێڕی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر دەڵێ ئێستا بازاڕی زێڕ نەماوە، بەداخەوە ئەوەی دێت تەنیا زێڕەکانی دەفرۆشێت، کە بەڕای من تاوەکو نرخی هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە 300 هەزار بێت، باشترە نەیفرۆشن، ئەگەر زۆر پێویستیان نەبێت، چونکە بنەمای بەهێزیی ئابووریی تاک، کۆمەڵ و دەوڵەتیش بوونی زێڕە”. سێڤین ئیبراهیم، دووکانداری زێڕە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر، قسەکانی هەندرێن دووپات دەکاتەوە، دەشڵێ “ئێستا ئێمە رۆژانە تەنیا زێڕ دەکڕین، رۆژی وا هەیە نزیکەی 60 مسقاڵ دەکڕین، ئەو زێڕەی لە بازاڕەکانی کوردستان لەلایەن زێڕنگرانەوە دەکڕدرێت، دەتوێنرێتەوە، دەکرێتە قاڵب و دواتر بە تورکیا و ئیمارات دەفرۆشرێت، بەڵام زۆربەی بە تورکیا دەفرۆشرێت”. پێشبینییەکان چین بۆ نرخی زێڕ لە داهاتوو؟ هەندرێن وەرتی پێشبینی دەکات ئەگەر رەوشی ئابووری و سیاسیی جیهان بەوشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، تاوەکو شەش مانگی دیکەش نرخی زێڕ هەر وەکو خۆی دەبێت، یان بەرزدەبێتەوە بەڵام دانابەزێت. جەختیش دەکاتەوە لەوەی “ئەگەر هەر گۆڕانکارییەکی سیاسیی، یان ئابووریی لەناکاو رووبدات، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دەبێت، جاری وا هەبووە نرخی زێڕ لە ماوەی تەنیا 48 کاتژمێردا گۆڕانکاریی زۆری بەسەر هاتووە”.