ئەمڕۆ سێ شەمە بەرواری ٢٠٢٤/٥/١٤ بەڕێز ( لیو جۆن) کونسوڵی گشتی کۆماری میللی چین لە هەولێر ، بە یاوەری بەڕێز ( زوو دومین ) کونسوڵی ئابووری و بازرگانی لە کونسوڵخانەی کۆماری میللی چین لە هەولێر و بەڕێز ( چێن گۆچینگ ) یاریدەدەری کونسوڵ ، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجەیان کرد ، لەلایەن سەرۆک و جێگران و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوورەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە سەردانیکردنیان بۆ هەڵەبجە و زۆر بە وردی باس لە چۆنیەتی کارکردن و بەهێزکردنی پەیوەندی هەردولا کرا و ئامادەیی تەواویان دەربڕی بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەک و بەخشینی ئەزموون و زانیاری بە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە بە تایبەت لە بواری گەشتوگوزاردا.
بۆ ئەم مەبەستەش شاندی ناوبراو بە یاوەری سەرۆکی ژووری بازرگانی هەڵەبجە سەردانی مەیدانی هاوینە هەواری زەڵم و احمد ئاوایان کرد و باس لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی بەرزە پردی شوشە کرا بەسەر سەرچاوەی ئاوی زەڵمدا ، وە بڕیار درا لەگەڵ کۆمپانیای پەیوەندیداری خۆیاندا پەیوەندی بکەن بەمەبەستی کارکردن بۆ پرۆژەی ناوبراو.