Home / هەواڵەکان / تورکیش ئێرلاین گەشتەکانی بۆ هەولێر و سلێمانی دەستپێدەکاتەوە…

تورکیش ئێرلاین گەشتەکانی بۆ هەولێر و سلێمانی دەستپێدەکاتەوە…

هێڵی ئاسمانیی تورکیش ئێرلاینی تورکی خشتەی گەشتەکانی مانگی داهاتووی بڵاوکردەوە و بەپێی خشتەکە، گەشتەکانی بۆ هەولێر و سلێمانی دەستپێدەکاتەوە.
تورکیش ئێرلاین ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەمموزی 2020 لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی خشتەی گەشتەکانی دەرەوەی بۆ مانگی ئاب بڵاوکردەوە. بەگوێرەی خشتەکە، لە یەکی ئابەوە گەشتەکانی دەرەوەی تورکیش ئێرلاین بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا لە عێراق، فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەنەوە. هەروەها گەشتەکانی تورکیش ئێرلاین بۆ فڕۆکەخانەکانی شیراز و تەورێزی ئێران و ژمارەیەک لە فڕۆکەخانەکانی رووسیا، سعودیە، هیندستان، ئەفریقای باشوور و ئیمارات و چەند وڵاتیکی دیکە دەستپێدەکەنەوە.
لە 11ی ئاداری ئەمساڵدا حکومەتی تورکیا یەکەم تووشبوون بە کۆرۆنای لە وڵاتەکەی راگەیاند، دواتر قۆناخ بە قۆناخ رێوشوێنەکانی تووندکردن و ئێستاش بەرەو ئاساییبوونەوە هەنگاودەنێت.
لە 28ی ئاداری رابردوودا تورکیش ئێرلاین گەشتە نێودەوڵەتییەکانی راگرت، بەڵام لەگەڵ کەمبوونەوەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ناوخۆی تورکیا و وڵاتانی دیکە، گەشتە نێودەوڵەتییەکانیش دەستیانپێکردەوە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، پێدەچێت دوای ئەم هەفتەیە گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێبکەنەوە، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە.
تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، راگرتنی گەشتی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو 22ی تەممووز درێژکراوەتەوە، ئەگەر دوای ئەو وادەیەش گەشتەکان دەستپێبکەنەوە، وەک پێشووتر نابێت.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە و هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئەو رێنماییانە نییە کە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان دیاریکراون.
بە گوتەی تەلار فایەق، تەنیا گەشتی گەشتیاران راگیراوە و گەشتەکانی دیکەی وەکو گەشتی سەربازی و دیپلۆماتی بەردەوامبوون، ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی ئادارەوە 44 هەزار و 66 هاووڵاتی لەڕێگەی فڕۆکەخانەکەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و چوونەتە دەرەوە، هەروەها شەش هەزار تۆن کەلوپەل لەو ماوەیەدا لەڕێگەی فڕۆکەخانەوە هاتووە و رۆیشتووە و زیاتر لە هەزار و 700 فڕۆکەش هاتووچۆیان کردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *