Home / هەواڵەکان / جووڵەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران 20% زیادبووە …

جووڵەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران 20% زیادبووە …

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران رایگەیاند بەراورد بە ‏چەند مانگی رابردوو ئێستا جووڵەی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ‏ئێران 20% زیادیكردووە. هەروەها دەڵێت ئێرانییەكان گلەییان هەیە کە بۆچی هەناردەكردنی هەندێ‌ سەوزە‌ و میوەیان بۆ ‏هەرێمی كوردستان لێ قەدەخەكراوە.‏
نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران بە ‏‏(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند بەراورد بە چەند مانگی رابردوو ئێستا ‏جوڵەی بازرگانیی هەرێمی كوردستان ‌و ئێران بووژانەوەیەكی باشی ‏بەخۆیەوە بینیوە و دەڵێت: “ئەو بووژانەوەیە بە رێژەی 20% زیادیکردووە، ئەوەش ‏دەرفەتی كاری لە هەردوولادا زیاتر كردووە”.‏
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران، ئەوە ناشارێتەوە كە ‏ئێرانییەكان لەسەر ئاستی تاك ‌و بەرپرسی ناوچە جیاجیاكان، رەخنەی ‏ئەوەیان لێگرتوون كە هەناردەكردنی كۆمەڵێك بەرهەمی كشتوكاڵیان بۆ ‏هەرێمی كوردستان لێقەدەخەكراوە، بەڵام دەشڵێت: “دیارە ئەوانەی ئەو جۆرە گلەییانە دەكەن لەسەر ئاستی باڵا نین، بەڵكو بەرپرسی ناوچەیین ‏لە سنوورەكاندا ئێمەش جەختمان لەوە كردووەتەوە كە ئەوە مافی خۆمانە ‏‌و پێمان گوتوون بۆ پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆ هەرێمی كوردستان ئەو ‏بڕیارە دروستەی داوە”.‏
بۆ پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی، وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان ‏لە وەرزی پێگەیشتنی سەوزە و میوەدا هاوردەكردنی هەندێ‌ بەرهەمی ‏قەدەخەكردووە.
بۆ بازرگانیكردن هەرێمی كوردستان ژمارەیەک خاڵی سنووری ‌و دەروازەی ‏هاوبەشی فەرمی لەگەڵ ئێران هەیە ئەوانیش بریتین لە دەروازەكانی ‏پەروێزخان، باشماخ، حاجی ئۆمەران کە دەروازەی فەرمی نێودەوڵەتین. ‏هەریەك لە دەروازەكانی كێلێ‌، سەیرانبەن، تەوێڵە ‌و سەرتەكیش كە ‏بە(پشتە) ناسراوە، دەروازەی نیمچە فەرمین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *