Home / چالاکیەکان / سەردانی کردنی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە….

سەردانی کردنی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە….

قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆک وەزیران، سەردانی ژوورى بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجەى کرد و لەکۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆکرا لەبارەى میکانیزمی چۆنێتی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابورى و بەرەوپێشبردنی لەپارێزگاکەدا.

لەمیانی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژى دووشەممە 13ى ئایار بەڕێوەچوو، هەڵسەنگاندن کرا بۆ پەرەسەندنەکانی بارى ئابورى لەسنورى پارێزگاى هەڵەبجە و جوڵەی بازرگانی لەناوچەکەدا.

جێگرى سەرۆک وەزیران، ئاماژەى بەوەدا کەپێویستە هانی وەبەرهێنەران بدرێت بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لەشارەکەدا بۆ ئەمەش پێویستە لەسەر فەرمانگە حکومیەکان کارئاسانی بکەن بۆ راپەڕاندنی کاروبارى وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و خاوەنی پرۆژەکان لەهەڵەبجە.

جەختیشی کردەوە کە ئەکرێت وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا بکرێت بەتایبەت لە گەشتوگوزار و کشتوکاڵ، چونکە ناوچەکە کەشێکی لەباری هەیە بۆ ئەوەی پەرە بەو دوو سێکتەرە بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەی بە پڕۆژەی گەشتوکاڵ-دا و وتی: گەشتوکاڵ پڕۆژەیەکی گونجاوە بۆ ئەوەی بکرێتە سەرچاوەیەکی داهات و سێکتەرێک بۆ رەخساندنی هەلی کار لەسنورى پارێزگاى هەڵەبجە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە دەڤەری هەورامانەوە دەستمان بەو پڕۆژەیە کردووە.

هاوکات جێگرى سەرۆک وەزیران بەگرنگییەوە باسی لەوەکرد کە پێویستە پردێکی پەیوەندی لەنێوانی ناوەندە ئەکادیمیەکان لەزانکۆ و پەیمانگاکان فەراهەم بکرێت تا دەرچووی زانکۆکان هەڵگری ئەو بڕوانامانەبن کەپێویستن بۆ بازاڕى کار و بەم جۆرەش هەلى کارى زیاتر دەڕەخسێت.

هەر لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا لەسەر پێکهێنانی بۆردێکی تایبەت بۆ چارەسەر کردنی گرفتەکانی وەبەرهێنەران و کەم کردنەوەی رۆتین لەدامودەزگا حکومیەکاندا بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر و خێراتر خزمەتی شارەکە بکرێت.