Home / چالاکیەکان / سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە وەک پارێزگای هەڵەبجە بەشداری دانیشتنی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق دەکات…

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە وەک پارێزگای هەڵەبجە بەشداری دانیشتنی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق دەکات…

دوای وەرگرتنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە لە یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی عێراق و لە دانیشتنی خولی ئاسایی یەکێتی ژوورەکانی عێراق ، ڕۆژی پێنج شەممە بەرواری ٢٠٢٤/٥/١٦ بەڕێز شێخ طاهر شێخ عزالدین سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە وەک پارێزگای نۆزدەهەم و بۆ یەکەمین جار بەشداری دانیشتنەکەی کرد ، لەلایەن سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی عێراق بەڕێز ( عبدالرزاق الزهیری ) بە وتەیەکی شیرین پێشوازی گەرمی لێکرا و هەموو سەرۆک ژوورەکانی عێراق خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە بەشداری کردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست .

لە وتەیەکدا بەڕێز سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە بەناوی خۆی و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی و بازرگانان و پیشەوەران و دانیشتوانی هەڵەبجەوە سوپاس و پێزانینی دەربڕی و هیوای خواست ئەم بە ئەندام بوونە کاروباری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی پەلە پێبکات و ببێتە مایەی زیاتر ئاوەدان بوونەوەی پارێزگای هەڵەبجە .

شایەنی باسە هەریەک لە بەڕێزان نەوزاد غفور سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و گەیلان حاجی سعید سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و شوکری جمیل سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک ئامادەی دانیشتنەکە بوون وە بە گەرمی پشتیوانی بە ئەندامبوونی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجەیان کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست.