بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی چین، لە مانگی ئایار کۆمپانیاکانی کەرتی پیشەسازیی ئەو وڵاتە قازانجەکانیان بەرزبووەتەوە، ئەوەش دوای شەش مانگ لە سستیی چالاکی کەرتی پیشەسازی. ئامارەکان دەریدەخەن، کە قازانجی کۆمپانیاکانی کەرتی پیشەسازیی لە مانگی ئایار لە 6% بەرزبووەتەوە و کۆی قازانجەکانیان گەیشتووەتە سەرووی 82 ملیار دۆلار، بەگوێرەی حکومەتی چین، ئامارەکان دەرخەری باشبوونەوەی رەوشی وڵاتەکەن. ئەمە لەکاتێکدایە لە مانگی نیسان قازانجی ئەو کۆمپانیایانە 4.3٪ دابەزیبوو. هەرچەندە لەدوای هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ لە چین، چالاکییە ئابوورییەکان زیادیان کردووە، بەڵام لە ناوخۆی ئەو وڵاتە هێشتا هاوسەنگی نەگەڕاوەتەوە و خواست لەسەر بەرهەمە پیشەسازییەکان لە ئاستێکی لاوازدایە، هاوکات لە ئاستی دەرەوەش بەهۆی ترس لە شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا خواست لەسەر بەرهەمەکانی چین هەر بە سستی ماوەتەوە. لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ، بە تێکڕا قازانجی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی چین 19.3٪ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو پاشەکشێی کردووە. قازانجی کۆمپانیاکانیش لە مانگی ئایار زیاتر پەیوەستە بە کۆمپانیاکانی پاڵاوتنی نەوت، کارەبا، پترۆکیمیایی و پۆڵا. بەگوێرەی ئامارێکی نوێی ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی(ITC) ، لە هەر چوار چارەکی ساڵی 2019 ئاستی بازرگانی دابەزیوە و لە سەرەتاکانی ئەمساڵیش کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین سەریهەڵداو بە وڵاتاندا بڵاوبووەوە، دابەزینەکە هەڵشکانی زۆری پێوەدیارە، بەشێوەیەک بەتەنیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا قەبارەی بازرگانی بە بڕی زیاتر لە 126 ملیار دۆلار زیانیکردووە. ناوەندی بازرگانیی جیهانی راپۆرتێکی بەراوردکاریی لەبارەی قەبارەی بازرگانی لە ساڵی 2019 و چەند مانگێکی ساڵی 2020 بڵاوکردووەتەوە. راپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر هەناردە و هاوردەکردنی وڵاتە خاوەن ئابوورییە گەورەکان. چین وەک یەکەم وڵات کە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بڵاوبووەوە و کەرتی ئابووری و پیشەسازی تاوەکو رادەیەکی زۆر وەستاندو بەهۆیەوە لە مانگی شووباتی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، کۆی هەناردەی ئەو وڵاتە بە رێژەی 21٪ دابەزیوە، هەرچەندە لە مانگی ئادار رەوشی هەناردەی چین کەمێک باشتربووە، بەڵام هەرزوو شەپۆلی کۆرۆنا زۆربەی وڵاتانی تەنی و کاریگەریی نەرێنی لەسەر جووڵەی بازرگانی وڵاتان دانا. لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئێستا 83 هەزار و 512 کەس لە چین تووشی کۆرۆنا بوون. لەو ژمارەیە چوار هەزار و 634 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 78 هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە.