گوتهبێژی سهندیكای زێڕنگەرانی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا لە بازاڕەکانی جیهان زێڕ بەرزترین نرخی تۆمارکرد.
ههندرێن وهرتی، گوتهبێژی سهندیكای زێڕنگەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “هێرشێکی گەورەی دۆلار بۆسەر زێڕ پەیدابووە، لەڕووی خستنەڕوو و خواست، بەو هۆیەوە بازرگان و سەرمایەدارانی جیهان لە پارە دەترسن و روویان لە کڕینی زێڕ کردووە.
گوتهبێژی سهندیكای زێڕنگەران هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەگێڕێتەوە بۆ گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد، ململانێی نێوان چین و ئەمریکا و لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەرییان بەسەر بەرزبوونەوەی نرخ هەیە “هەروەها کۆمپانیا جیهانییەکانی بەرهەمهێنانی زێڕ کێبەرکێیانە، لە هەندێک وڵاتانیش زێڕ تێچووی زیاترە لە بەرهەمەکە، بەگشتی هەموو ئەو هۆکارانە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ”.
گوتهبێژی سهندیكای زێڕنگەران باسی لەوەش کرد، هەرچەندە دوو هەفتە بەر لە ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەشێک لە زێڕەکانیان دەخەنەڕوو، بەڵام بە پێچەوانەوە خواست لەسەر کڕینی زێڕ زیاتر بووە و بەهای زێڕ دانەبەزیوە.