پێشەوا ئەحمەد ، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە
داوامان کردووە بە بێ بەرامبەر زەوی بە وەبەرهێنەر بدرێ و ١٥ ساڵ لە باج ببەخشرێن ، بۆ ماوەی ٥ ساڵ هەر کەلوپەلێک دەهێنن لە گومرگ ببەخشرێن ، شەش ساڵیش لە کەلوپەلە بنچینەییەکان لە گومرگ ببەخشرێن ، سەقفی ئاستی پرۆژە بۆ ٥٠٠ ملیۆن دینار لە هەڵەبجە بەرز بکەنەوە . هاوکات هەڵەبجە لە بواری کشتوکاڵی زەوی بە پیتی هەیە و دەتوانرێ وەبەرهێنانی گەورەی تیا بکرێت ، لە بواری گەشت و گوزار توانای زۆرە و دەتوانرێ وەبەرهێنانی تیا بکرێت.
محەمەد شوکری ، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
نزیکەی ١١٥ پرۆژەی وەبەرهێنان لە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە کە لە پارێزگای هەڵەبجە بخرێنە بواری جێبەجێ کردن ، بۆ ئەوەش کار ئاسانی زۆر بۆ وەبەرهێنەران دەکەین . لە ڕێی دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی داوامان کردووە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارەی هەڵەبجە، زەوی تەرخان بکەن بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان، وەبەرهێنەرانیش هان بدرێن بچنە هەڵەبجە و پێیان بوترێ دەرفەتی وەبەرهێنان هەیە لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتوگوزار . هەر وەبەرهێنەرێک پرۆژەیەک لە سلێمانی و هەولێرجێبەجی بکات پێویستە لە هەلەبجەش جێبەجێ بکات، چەندان وەبەرهێنەریش بۆ ئەو مەبەستە ئامادەییان دەربڕیوە.
ئەندازیار عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی
داوامان لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەلەبجە کردووە لەلای خۆیانەوە کۆمەڵێک زەوی باش ئامادە بکەن بۆ پرۆژە و وەبەرهێنان ، ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و کۆمپانیا داوای زەوییان کردووە بۆ پرۆژە لە سنورەکەدا، دوای دابینکردنی زەوی بۆ پرۆژە وەبەرهێنەکان ، بانگێشت دەکەین بۆ ئەوەی پرۆژەکە بخرێتە بەردەستیان. هەوڵێکی ڕژد و خێرامان دەست پێ کردووە تا پرۆژە لە سنوری هەلەبجە بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و لەڕووی وەبەرهێنانەوە ئەو ناوچەیە گرنگی پێ بدرێت ، لەهەموو بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و تەندروستی و پرۆژەی جۆر بە جۆر ئەنجام بدرێت.
مەلا یاسین موحەمەد گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان
ژمارەیەک وەبەرهێنەر پرۆژەیان پێشکەشی پارێزگای هەڵەبجە کردووە تا لەو ناوچەیە دەست بە وەبەرهێنان بکەن ، بەشێک لە پرۆژەکانیش لە بواری پیشەسازیدان ، بەپێی بڕیارێکی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ، هەوڵێکی ڕژد دراوە تا وەبەرهێنان ڕوو بکاتە پارێزگای هەڵەبجە ، بۆ ئەو مەبەستە دەستەی وەبەرهێنان بڕیاری داوە ئیمتیازی زیاتر بداتە ئەو وەبەرهێنەرانەی لە هەڵەبجە پرۆژە دەکەن.