Home / هەواڵەکان / وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان: قەبارەی بازرگانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە ساڵانە نزیکەی ١٢ ملیار دۆلارە…

وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان: قەبارەی بازرگانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە ساڵانە نزیکەی ١٢ ملیار دۆلارە…

سەرەڕای بوونی چەندین کێشەی سیاسی و ئەمنی لە 10 ساڵی رابردوودا، تورکیا و هەرێمی کوردستان بە درێژایی ئەو ماوەیە دوو هاوبەشی بازرگانیی سەرەکیی یەکدی بوون و حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیش پلانی هەیە لە هەموو بوارێکدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بەهێزتر بکات.
تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان دەروازەی ئەوروپایە و نەوتی کوردستان لەڕێگەی بۆرییەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا و لەوێشەوە دەنێردرێت بۆ کڕیارانی لە سەرانسەری جیهاندا.
لەلایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستان دەروازەی تورکیایە بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق و تەنانەت وڵاتانی کەنداو. هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی کراوەبوون بەڕووی کاری بازرگانیدا وایکردووە بازرگانان و کۆمپانیا تورکییەکان بەشدارییەکی کارا لە هەموو کەرتە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “ئێستا قەبارەی بازرگانیی نێوان هەولێر و ئەنقەرە ساڵانە نزیکەی 12 ملیار دۆلارە، بەڵام لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەهۆی کۆرۆناوە نزیکەی ملیارێک دۆلار کەمیکرد، ئێستا رۆژانە نزیکەی 1300 بارهەڵگر لە تورکیاوە دێتە هەرێمی کوردستان”.
تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان دەروازەیەکی گرنگی پەیوەندیی بازرگانییە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا، گرنگترین ئەو کاڵایانەی لە تورکیاوە هاوردەی کوردستان دەکرێن خۆراک و خواردەمەنی، کەرەستە و دەرمانی پزیشکی، ئامێری کارەبایی، کەرەستەی بیناسازی و سەوزە و میوەن.
زۆربەی ئەو بازرگانانەی روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بە هاوبەشی لەگەڵ بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە دانانی کارگە و کاری بازرگانی کردووە و بەو هۆیەشەوە هۆکار بوون بۆ بەرزکردنەوەی گەشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان.
قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە ساڵی 2013دا گەیشتە لووتکەی خۆی و بەرزبووەوە بۆ 12 ملیار دۆلار. لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا بڕیاریانداوە دەروازە بازرگانییەکانی خۆیان زیادبکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *