سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند لەمەو دووا رێگە بە شۆفێرانی ئێرانی دەدرێت بە ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان و بە بارەکانیانەوە بێنە هەرێمی کوردستان . ئەمەش دووای ئەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ماوەیەک بوو ڕێگەیان پێ نەدەدرا.
سیروان محەمەد ، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی بە (تۆڕی میدیای ڕووداو)ی ڕاگەیاند لە ئەمڕۆ یەکشەمەوە لە دەروازە سنووریەکانەوە ڕێگە بە شۆفێرانی ئێرانی دەدرێت بە ئۆتۆمبێلەکانیان بارەکانیان بهێننە هەرێمی کوردستانەوە .
بەهۆی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە چەند مانگێک بوو شۆفێرانی هەرێمی کوردستان بارەکانیان لەسەر سنوورەکان لە شۆفێرانی ئێرانی وەردەگرت. کە بە گووتەی سیروان محەمەد بەهۆی ئەو ڕێکارەوە ٥٠٠ دۆلار زیادە دەچوە سەر کرێی گواستنەوەی هەر کۆنتەرێک ، بەڵام لە ئەمڕۆوە شۆفێرانی ئێرانی خۆیان بارەکان دەهێنن.
سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی دەڵێت ئەو بڕیارەی حکومەت بۆ شۆفێرانی ئێرانی دەبێتە هۆی ئەوەی ئیدی باری ئێرانی بە زۆری لە کوردستانەوە بێتە ژوورەوە ، نەک وەک پێشتر بچێتە دەروازەکانی دیکەی عێراق .’بەوەش جموجوڵی بازرگانی لە دەروازەکاندا زۆر دەبێتەوە ‘ .
لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگەی نەدەدا ڕاستەوخۆ شۆفێرانی ئێران بارەکانییان بهێننە هەرێمی کوردستانەوە ، بەڵام لەمڕۆوە رێگەیان پێدەدرێت.