ڕۆژی سێ شەممە ٢٠٢٥/٢/١١بەڕێز شێخ طاهر شێخ عزالدین سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە بەشداری کرد لە ڕۆژی یەکەمی کۆڕبەندی ئابووری نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان ، بەمەبەستی کاری پێکەوەیی لە سێکتەرە جیاوازەکان و وەبەرهێنان لە نێوان هەردوولادا ، کە لە پەرلەمانی ئیتاڵیا لە شاری ڕۆما بەڕێوەدەچێت ، وە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
کۆڕبەندەکە بە ئامادەبوونی جێلبێرتۆ پێکیتۆ فراتین وەزیری پیشەسازی و ژینگە و ئاسایشی نێودەوڵەتی ئیتاڵیا ، لویجی دێرامۆ بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی ئیتاڵیا ، ڕۆبێرتۆ دێرامۆ ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا ، و ماورۆ باتوچی نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا ، و تۆماسۆ سانسۆنی کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە کوردستان و چەندین کۆمپانیای گەورەی ئیتاڵیا ، هەروەها بەبەشداری شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، د.محمد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ،و سەرۆکی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و دهۆک و نوێنەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان و سەرمایەدار و بازرگانان و وەبەرهێنەرانی هەردوولا سازکرا.
مەبەست لە سازدانی کۆڕبەندی ناوبراو بەهێزکردنی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوولایە ، وە هاندانی کۆمپانیا بیانیەکانە بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان .
شایەنی باسە لەیەکەم ڕۆژی کۆڕبەندەکە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەشتن لە نێوان ( Visit Kurdstan ) و کۆمپانیایەکی ئیتاڵی واژۆ کرا ، بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان ، تایبەت بە بنیاتنانی پرۆژەیەکی گەشتیاری.









