لە 1ی ئەم مانگەوە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بە رووی گەشتیاراندا کرانەوە، کە بەهۆی رێکارەکانی کۆرۆنا چەند مانگ بوو داخرابوون. ئەمڕۆ یەکەم گەشت لە ڤیەنناوە بۆ هەولێر دەبێت و بە هەمان شێوەش گەشتێکی چوون لە هەولێرەوە بۆ ڤیەننا دەکرێت، بە گوتەی بەڕێوەبەری ئۆپەرەیشنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریش بێت پلان وایە لە 01-09-2020 تورکیا دەست بە گەشتەکانیان بۆ عێراق بکەنەوە.
بەراورد بە پێش کۆرۆنا، هێشتا بەشێکی زۆر لە وڵاتان ماون گەشتەکانیان بەڕووی عێراق و بە تایبەتیش هەرێمی کوردستاندا بکەنەوە، چونکە هێشتا بەشێکی زۆریان رێکارەکانی خۆپارێزی تێیاندا بەردەوامەو، بەشێکیشیان لەژێر چاودێری رێکاری تووندی خۆپارێزی گەشتەکانیان کردووتەوە.
تەلار فایەق، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: “ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-8-2020 گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و نەمسا لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەستی پێکردەوە، و یەکەم فڕۆکەی نەمساییش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر نیشتەوە”.
لەبارەی خشتەی گەشتەکانیش بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گوتی، هەفتانە 3 گەشتی ئاسمانی ئەنجامدەدرێن، و بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە رۆژانی یەکشەممە، پێنجشەممە و هەینی دەبێت، پێشتر کاتەکەی دوای نیوەڕۆیان بوو، ئێستا بووە بە پێش نیوەڕۆ، ئەو گەشتیارانەش کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەنیشنەوە پشکنینی کۆرۆنایان بۆ دەکرێت و بەپێی رێکارە تەندروستییەکان دێنە ناو هەولێر.
لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و وڵاتانی دیکەش، تەلار فایەق دەڵێت، هێشتا دیار نییە، بەڵام رەنگە کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئەمەش بەپێی دۆخی کۆرۆنا لەو وڵاتانە دەبێت، بۆ نموونە بڕیار بوو لە 1-9-2020 تورکیا دەست بە گەشتەکانیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بکەنەوە، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە گۆڕانکاری بکرێت و کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان پێش و پاش بکرێت.
نەمسا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بڕیاریداوە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-8-2020 یەکەم گەشتی فڕۆکەوانی لە ڤیەنناوە بۆ هەولێر لە کاژێر 11:25 پێش نیوەڕۆ ئەنجامبدات و گەشتی چوونیش لە هەولێرەوە بۆ ڤیەننا لە کاژێر 12:40 دوای نیوەڕۆ دەبێت. بۆ ئەوانەی سەردانی وڵاتی نەمسا دەکەن پێویستە بەر لە 48 کاژێر پشکنینی کۆرۆنا بکەن.
لەبارەی وردەکاری زیاتری گەشتەکان سلێمان تەها، بەڕێوەبەری ئۆپەرەیشنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەرەو باشتر دەڕۆن و بەرەو ئاسایی بوونەوە دەڕوات، ئەمڕۆش گەشتەکانی ئۆستریان ئێرلاین دەستیپێکردەوە لە هەفتەیەکدا سێ گەشتیان دەبێت بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بە گشتی لە هەفتەیەکدا 114 گەشتمان هەیە هاتن و چوون، ئەو ژمارەیەش هەندێکجار بەرزدەبێتەوەو هەندێکجاریش نزم دەبێتەوە، بەڵام لە ئاستێکی باشدایە.
بەگوتەی سلێمان تەها، ئێستا بەشێکی زۆر لە وڵاتان گەشتەکانیان دەستپێکردووەتەوە، لەوانە “قەتەر، ئیمارات، قاهیرەو بەیروت، بەڵام دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا گەشتەکانیان بۆ عێراق راگرتووە، پلان وایە لە 1-9-2020 دەست بە گەشتەکانیان بکەنەوە”.
لە سەردەمی کۆرۆنا یەکێک لە هەنگاوەکانی گەشتە ئاسمانییەکان لە نەخۆشخانەکانەوەیە، بەڵام ئەو رێکارە بۆ گەشتی هەموو وڵاتێک مەرج نییە. هەر پشکنینێک ئەنجامدان و دەرچوونی ئەنجامەکەی دوو رۆژ دەخایێنێت و 60 هەزار دیناری عێراقی تێدەچێت.
ئەو گەشتیارانەی لە رێگای فڕۆکەخانەکانەوە گەشتدەکەن، پێویستناکات سەرجەمیان پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامبدەن، تەنیا ئەو گەشتیارانە نەبێت کە دەچنە چوار وڵات، ئەوانیش: لوبنان، ئیمارات، ئێران و ئێندۆنیزیا، جگە لەو چوار وڵاتە گەشتکردن بۆ وڵاتانی دیکە پشکنینی ناوێت.
لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان جگە لەو کەسانەی گەشت بۆ ئەو چوار وڵاتە دەکەن، داوای ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنا بۆ گەشتکردن بۆ وڵاتانی دیکە ناکرێت ، بەڵام ئەوانەی دێنە هەرێمی کوردستان دەبێ پشکنینی کۆرۆنایان پێبێت کە 48 کاژێری بەسەردا تێنەپەڕیبێت، ئەگینا لەنێو فڕۆکەخانە پشکنینیان بۆ دەکرێت و بەڵێننامەی ئەوەیان پێ پڕدەکرێتەوە کە ماوەی 14 رۆژ لە ماڵەکانیان نەچنەدەرەوە.
دوای نزیکەی پێنج مانگ لە داخستنیان، رۆژی 1ی ئاب بە چەندین رێکاری تەندروستی تووند دەرگای فڕۆکەخانەکان بە رووی گەشتیاراندا کرانەوە. گەشتەکانیش بۆ سەرەتا بۆ هەشت وڵاتن.