گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ساڵی رابردوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەرەوە بە بەهای 26 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بووە کە لەو بڕە پارەیە ملیارێک و 340 ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل بووە. فەتحی محەممەد، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “قەبارەی بازرگانی هاوردە و هەناردەی کاڵاکان لە دەروازەی سنووریی و فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی لەماوەی ساڵی 2020دا 26 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بووە، کە بەراورد بە ساڵی 2019 کەمێک ئاستەکە هاتووەتە خوارەوە. ئەوەش بەهۆی زیادبوونی قەیرانەکان و لێکەوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، کە کاریگەریی لەسەر جموجوڵی بازرگانی هەبووە”. فەتحی محەممەد دەشڵێت: ئۆتۆمبێل لە ریزبەندیی پێشەوەی هاوردەکراوەکان بووە، کە 89 هەزار و 850 ئۆتۆمبێل هاوردەکراون، بڕی ئەو پارەیەشی لە کڕینی ئۆتۆمبێلەکان و پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل چووەتە دەرەوە، بە ملیارێک و 340 ملیۆن دۆلار دەخەملێندرێت، رێژەی 30% بۆ 40%ی ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان بۆ بەشەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بووە. گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بەوەشکرد: خۆراک لە ئاستی دووەم دێت، کە بە رادەیەکی زۆر لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردەکراوە، لە ئاستی سێیەمیش پێداویستیی پزیشکی و دەرمان هاوردە کراوە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فەتحی محەممەد ئاماژەی بەوە کرد: بەهۆی زۆری هاوردەوە زیاتر پارەی هەرێمی کوردستان چووەتە دەرەوە، چونکە هەرێمی کورستان ئەو باڵانسەی نییە هاوردە و هەناردە رابگرێت، زۆرترینی کاڵاکان لە دەرەوە دێن. ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە هەناردەکراوە بڕێکی کەمە کە خۆی لە خۆراک، میوە، پێستەی ئاژەڵ و فۆسفات و چەند کاڵایەکی دیکە دەبینێتەوە. هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ژمارەی کۆمپانیاکان لە ساڵی 2020ـدا دەڵێت: 813 کۆمپانیای نوێ لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. بەگشتی تاوەکو ئێستا ژمارەی کۆمپانیا تۆمارکراوەکانی هەرێمی کوردستان 30 هەزار و 223 کۆمپانیایە، کە 26 هەزار 906 یان خۆماڵین و سێ هەزار و 314ـشیان بیانین.