ڕۆژی دووشەمە ٢٠٢١/٢/١٥ شاندی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەڵەبجە کە پێکھاتبون لە پێشەوا احمد سەرۆکی ژوور و سەردار ئەمین و بێستون کریم جێگرانی سەرۆک و بەرزان رشید ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و ڕزگار قادر بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان و ژیر بورھان ڕێکخەری بەشی پەیوەندییەکان ، بە یاوەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان سەردانی بەرێز کاک پاڤڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان کرد لە گردی دەباشان .
لە کۆبوونەوەیەکدا کە نزیکەی ٣ کاتژمێری خایاند ھەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە بەردەم کەرتی تایبەتدان بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژە و درووستکردنی کارگەو بوژانەوەی گشتی پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی تاوتوێ کرا ، باس لەوە کرا کە ھەندێ لە ڕێنماییەکان و ھەروەھا ئەو ڕۆتینانەی کە لە دامودەزگاکاندا ھەیە بەربەستیان درووست کردووە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پرۆژەکان و دروستکردنی کارگەکاندا ، بۆ چارەسەری ئەم بابەتانەش بڕیار درا کە ھەماھەنگی و بەدواداچوون و کۆبوونەوەی بەردەوام بۆ کارەکان بکرێت و ھەوڵ بدرێت ھەموو لەمپەر و گرفتەکان بنەبڕ بکرێت.
شاندی ژووری بازرگانی ھەڵەبجە ئاماژەیان دا بە گرنگی کردنەوەی مەرزی سازان و ھەروەھا ڕاکێشانی ھێڵی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە وڵاتی ئێرانەوە بۆ پارێزگای ھەڵەبجە وە جەخت کرایەوە لەسەر درووستکردنی ھەماھەنگی پێویست لە نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتیدا لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجەدا.
لەلایەن خۆیانەوە بەڕێز ھاوسەرۆکی یەکێتی ئامادەی ھەموو جۆرە پشتیوانیەکی بۆ داخوازیەکانی شاندی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەڵەبجە دەربڕی و بەڵێنی بەدواداچوونی ھەموو پێشنیار و داخوازیەکانیان دا .
شایەنی باسە لە کۆبوونەوەکەدا کە ھەر یەک لە بەڕێزان کاک شێخ احمد و کاک شوان و کاک شاڵاو کاک شێخ جمال لە سەرکردایەتی یەکێتی ئامادەی بوون جەخت لەوە کرایەوە کە ئەوانیش لە ڕێی خۆیانەوە ھەماھەنگی بکەن لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەت و کەرتی تایبەتدا بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و بەرەو پێش بردنی ھەموو کار و پرۆژەکان .