نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران رایگەیاند بەراورد بە چەند مانگی رابردوو ئێستا جووڵەی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران 20% زیادیكردووە. هەروەها دەڵێت ئێرانییەكان گلەییان هەیە کە بۆچی هەناردەكردنی هەندێ سەوزە و میوەیان بۆ هەرێمی كوردستان لێ قەدەخەكراوە.
نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند بەراورد بە چەند مانگی رابردوو ئێستا جوڵەی بازرگانیی هەرێمی كوردستان و ئێران بووژانەوەیەكی باشی بەخۆیەوە بینیوە و دەڵێت: “ئەو بووژانەوەیە بە رێژەی 20% زیادیکردووە، ئەوەش دەرفەتی كاری لە هەردوولادا زیاتر كردووە”.
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران، ئەوە ناشارێتەوە كە ئێرانییەكان لەسەر ئاستی تاك و بەرپرسی ناوچە جیاجیاكان، رەخنەی ئەوەیان لێگرتوون كە هەناردەكردنی كۆمەڵێك بەرهەمی كشتوكاڵیان بۆ هەرێمی كوردستان لێقەدەخەكراوە، بەڵام دەشڵێت: “دیارە ئەوانەی ئەو جۆرە گلەییانە دەكەن لەسەر ئاستی باڵا نین، بەڵكو بەرپرسی ناوچەیین لە سنوورەكاندا ئێمەش جەختمان لەوە كردووەتەوە كە ئەوە مافی خۆمانە و پێمان گوتوون بۆ پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆ هەرێمی كوردستان ئەو بڕیارە دروستەی داوە”.
بۆ پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی، وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان لە وەرزی پێگەیشتنی سەوزە و میوەدا هاوردەكردنی هەندێ بەرهەمی قەدەخەكردووە.
بۆ بازرگانیكردن هەرێمی كوردستان ژمارەیەک خاڵی سنووری و دەروازەی هاوبەشی فەرمی لەگەڵ ئێران هەیە ئەوانیش بریتین لە دەروازەكانی پەروێزخان، باشماخ، حاجی ئۆمەران کە دەروازەی فەرمی نێودەوڵەتین. هەریەك لە دەروازەكانی كێلێ، سەیرانبەن، تەوێڵە و سەرتەكیش كە بە(پشتە) ناسراوە، دەروازەی نیمچە فەرمین.